حــیــزبــایه‌تی سه‌لاح سه‌عید ئه‌مین له غیابی هۆشیاری و نه‌بوونی ئاگایی ته‌ندروستدا سه‌باره‌ت به كاری حیزبایه‌تی و ئامانج و مه‌به‌ست له به حیزبیبوون و نه‌بوونی وه‌ڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی حیزبایه‌تی بۆچی؟ و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌ڵبژاردنی حیزبێكی دیاری‌كراو و وه‌لانانی ئه‌وانیتر بۆچی!. گرفتی گه‌وره له باره‌ی كاری حیزبایه‌تیه‌وه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا روویداوه و رووده‌دات. حیزب له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا جێگای "خوداوه‌ند "ی گرتووه‌ته‌وه (په‌نا به‌خوا)، چونكه هه‌ڵوێسته‌كانی، سیاسه‌ته‌كانی، پرۆژه‌كانی، هه‌ڵسوڕاندنی ئاراسته‌ی گشتی حیزبه‌كه و ئه‌ندام و لایه‌نگره‌كانی ده‌سته‌یه‌كی كه‌می دیاری‌كراو ته‌حه‌كومی پێوه ده‌كه‌ن، ئه‌وانیدی مێگه‌ل ئاسا رێ ده‌كه‌ن، ناپرسن له رۆڵ و مه‌فعولی خۆیان، پرسیاری ئه‌وه ناكه‌ن، باشه خۆ ئێمه ئه‌م بڕیاره‌ی حیزبمان قبووڵ نییه و رای ئێمه‌ی تێدا وه‌رنه‌گیراوه، ئیتر بۆ ده‌بێت چه‌پڵه‌ی بۆ لێبده‌ین؟، ناپرسن ئێمه بۆ ئه‌م ئامانجه ئه‌م حیزبه‌مان هه‌ڵبژارد؟ كه‌چی ئه‌م حیزبه زۆر شت ده‌كات كه ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین ئه‌م ئامانجه وا نایه‌ته‌دی ئه‌وا عومری "نوح "ی (دروود و سه‌لامی خوای له‌سه‌ربێ) ده‌وێت تا به‌وه بگه‌ین كه ده‌مانه‌وێت. حیزب له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا زووزوو قه‌ناعه‌ت و بۆچوونه‌كانی گۆڕانیان به‌سه‌ردا دێت (گۆڕان له فیكر و بۆچووندا شتێكی سروشتییه، به‌تایبه‌ت له كایه‌ی سیاسه‌تدا، به‌ڵام به مه‌رجێك له ئه‌نجامی گه‌شه‌كردنێكی سروشتییه‌وه سه‌ری هه‌ڵدابێت، قه‌یرانی ئه‌م زوو گۆڕانه‌ی فیكر و بۆچوونه‌كانی حیزب له‌وه دایه سروشتی نین، له ئه‌نجامی بارودۆخ و واقیعێكی ته‌ندروسته‌وه نه‌هاتوون، به‌ڵكو زۆرجار ئه‌مری واقیع ناچاریان ده‌كا ئه‌و فیكر و بۆچوونه هه‌ڵبژێرن و له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حیزبه‌كه ناڵێن ئه‌م هه‌ڵپه‌ڕكێ شه‌ل و شێتانه‌یه له فیكر و قه‌ناعه‌تدا بۆچی؟، له پێناوی چیدا له‌بری ئه‌وه‌ی فیكر یاریزان بێت له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا "رووداوه‌كه " بووه‌ته یاریزان و یاری به فیكر ده‌كات (ئه‌مه ئه‌گه‌ر حیزب له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا فیكر و پرۆژه‌ی هه‌بێت). حیزب عه‌ییار و مه‌كربازه كاتێك ده‌زانێت جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی لێی سارد بووه‌ته‌وه و، زه‌مه‌نیش كاتی هه‌ڵبژاردنه هه‌رچی ره‌خنه‌ی لێ بگیرێت ده‌روێشانه گوێی بۆ ده‌گرێت و ره‌نگه هه‌نگاویش بنێت به ئاراسته‌ی خواستی ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ره‌كه‌یدا، به‌ڵێنی باش و دڵخۆشكه‌ر بدات له‌كاتی پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردندا، به‌ڵام كه هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدرا به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو ئه‌وانه‌وه ره‌فتار ده‌كات، كه پێش هه‌ڵبژاردن سه‌ری بۆ ده‌له‌قاند، ئه‌گه‌ر زۆر لوتفیشی نواند به یاننامه‌یه‌ك ده‌رده‌كات و ده‌ڵێت "له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌ل وامان كرد! " مرۆڤ گه‌ر له پرسیاركردن كه‌وت ئه‌وه له مرۆڤبوون كه‌وتووه، سه‌ره‌تای هۆشیاریمان له پرسیاركردنه‌وه ده‌ستپێده‌كات، هه‌ركه‌س پرسیاری كرد و ره‌خنه‌ی گرت ئه‌وه هۆشیاره، ئه‌وه مرۆڤه و كاریگه‌ری هه‌یه له‌م بوونه‌دا. بۆ ئه‌وه‌ی ته‌جاوزی ئه‌م حاڵه‌ته سه‌قه‌ته‌ی حیزبایه‌تی بكه‌ین پێویسته پرسیار بكه‌ین و بزانین خه‌ریكی چین، ئیتر ئه‌و كات بۆ هه‌موو لار و وێرییه‌ك پێمان ناڵێن بێده‌نگ بن قیاده حه‌كیمه و بڕیاری حه‌كیمانه‌ش ده‌دات.
گه ڕانه وه بۆ لاپه ڕه ی سه ره تای ڕێگای ڕاستی