ئایین ئامۆژگارییه‌

عه‌مر خالید
و/حسێن مه‌حمود هه‌ڵه‌بجه‌یی
2-2

قسه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا بكه‌، ئامۆژگاریی خه‌ڵك بكه‌، كاتێ هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌بینیت قسه‌ بكه‌ و بێده‌نگ مه‌به‌.. كاتێ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كدا هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌بینی قسه‌ بكه‌ و بێده‌نگ مه‌به‌، ئامۆژگاریكه‌ر به‌ و ئه‌و هه‌ڵه‌ و خراپانه‌ دامه‌پۆشه‌ كه‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی له‌توانادا هه‌یه‌، كاتێ له‌ فڵان كۆمپانیان یان فه‌رمانگه‌ی حكومیدا هه‌ڵه‌یه‌ك ده‌بینیت، ئامۆژگاریكار به‌..
ئامۆژگاریی دراوسێكه‌ت بكه‌، ئامۆژگاریی نزیكت بكه‌، ئامۆژگاریی خێزانه‌كه‌ت بكه‌ به‌ سۆز و دانایی و زانسته‌وه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی گۆرِانمان به‌سه‌ردا بێت، پێویسته‌ پێش ئه‌وه‌ خۆمان بگۆرِین :  (إِنَّ اللَّهَ لاَ يُغَيِّرُ مَا بِقَوْمٍ حَتَّى يُغَيِّرُوا مَا بِأَنفُسِهِم)  (الرعد 11). واته‌ "خێر له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كدا نییه‌ كه‌ ئامۆژگاریكه‌ریان تێدا نه‌بێت ".
سه‌ردارمان عومه‌ری كورِی خه‌تاب ده‌ڵێ : خێر له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كدا نییه‌ كه‌ ئامۆژگاریكه‌ریان تێدا نه‌بێت و خێر له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كدا نییه‌ كه‌ ئامۆژگاری قبوڵ نه‌كه‌ن.. و ده‌یبینیت له‌سه‌ر مینبه‌ر ده‌ڵێ (خوا ره‌حم به‌و كه‌سه‌ بكات كه‌ عه‌یب و نه‌نگییه‌كانم نیشان ده‌دات).
ده‌ی تكام وایه‌ لێتان.. ئامۆژگاری قبوڵ بكه‌ن، به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت و له‌ هه‌ر كه‌سه‌وه‌ ئاراسته‌تان بكرێت، ئایا ئه‌مه‌ ده‌توانن؟ ئایا ده‌توانى ئه‌وه‌ قبوڵ بكه‌یت كه‌ كه‌سێك نه‌نگییه‌كانت نیشان بدات و ئامۆژگاریت بكات به‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ لێى؟ دڵنیا به‌ ئه‌گه‌ر رازی بوویت، ئه‌وه‌ خه‌ڵكانی تریش ئامۆژگاریت قبوڵ ده‌كه‌ن و دوچاری به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ نابیت.
له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێ كه‌س بڵێن ئامۆژگاریی كێ بكه‌ین..
وه‌ڵامه‌كه‌ له‌ فه‌رمووده‌كه‌ی پێغه‌مبه‌ردایه‌ (د.خ) (ئاین ئامۆژگارییه‌). وتمان: ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر بۆ كێ ئامۆژگاری بكه‌ین؟ فه‌رمووی (بۆ خوا، بۆ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی و بۆ كتێبه‌كه‌ی، بۆ پێشه‌وایانی موسڵمان و عامه‌ی خه‌ڵكی).  (قال الدين النصيحة، قلنا يا رسول الله لمن ننصح؟ قال لله و لرسوله و لكتابه و لأئمة المسلمين و عامتهم)  (الترمذی:1926) چۆن ئامۆژگاری بۆ خوا بكه‌ین؟ ئامۆژگاری بۆ خوا ئه‌وه‌یه‌ ئامۆژگاری بكه‌یت بۆ فه‌رمانه‌كانی خوا، خوا به‌ مه‌زن بگریت و فه‌رمانبه‌رداری گه‌وره‌ بیت، واز له‌ سه‌رپێچیی خوا بێنیت و سنوره‌كانی خوای گه‌وره‌ نه‌به‌زێنیت، گوێرِایه‌ڵی خوا بیت و ئاینی خوا سه‌رخه‌یت.. ئه‌مه‌ مانای ئامۆژگارییه‌ بۆ خوا، ئایا بینیتان چۆن ده‌سته‌واژه‌ی (ئاین ئامۆژگارییه‌) ئاشكرا و روون بوویه‌وه‌؟ ئامۆژگاری بۆ پێغه‌مبه‌ری خوا، كه‌ خۆشت بوێن و رێزی بگریت و به‌ زیندوویی یان به‌ مردوویی سه‌رى بخه‌یت، بۆ كێى تر؟ بۆ كتێبه‌كه‌ی په‌روه‌ردگار، چۆن ئامۆژگاریكه‌ر بم بۆ كتێبه‌كه‌ی؟ ئه‌وه‌یه‌ ئامۆژگارییه‌كه‌ت به‌ وته‌ و ئایه‌ته‌كانی په‌روه‌ردگار بێت و بیخوێنیته‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی و كاری پێ بكه‌یت بۆ خۆت و سنوره‌كانی تێنه‌په‌رِێنیت، فه‌رمانه‌كانی جێبه‌جێ بكه‌یت و واز له‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی بێنی.
ده‌ی هه‌سته‌ و ئامۆژگاریی ده‌وروبه‌رت كه‌، كه‌سءكارت، دراوسێكه‌ت، هاورِێكانت، ئێمه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كین ئامۆژگاریی یه‌كتر ناكه‌ین، خێر له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كدا نییه‌ كه‌ ئامۆژگاریكه‌ری تێدا نه‌بێت، وه‌ك چۆن خێر له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كدا نییه‌ كه‌ ئامۆژگارییان پێ قه‌بوڵ نه‌بێت.
بۆ ئه‌و ئازیزانه‌م كه‌ ئامۆژگاری قبوڵ ده‌كه‌ن، گوێ له‌م فه‌رمایشته‌ی په‌روه‌ردگار بگرن  (وَإِذَا قِيلَ لَهُ اتَّقِ اللَّهَ أَخَذَتْهُ الْعِزَّةُ بِالاَثْمِ فَحَسْبُهُ جَهَنَّمُ وَلَبِئْسَ الْمِهَادُ)  (206 البقره‌)، واته‌ "ئه‌گه‌ر پێى بڵێى له‌ خوا بترسه‌، غه‌رِایی ده‌یگرێت و شانازی به‌ گوناه و تاوانه‌وه‌ ده‌كات و سوور ده‌بێت له‌سه‌ری، جا ئه‌و خوانه‌ناسه‌ دۆزه‌خی به‌سه‌، سوێند به‌ خوا ئه‌و دۆزه‌خه‌ شوێن و جێگه‌ و لانكه‌یه‌كی ناله‌باره‌ ". وا دامه‌نێ كه‌ ئامۆژگاریت ئاراسته‌ ده‌كرێت له‌ دژی تۆ و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێز و به‌های تۆیه‌، نه‌خێر.. ئامۆژگاریكه‌ر پێش هه‌موو شتێ خه‌ڵكی خۆش ده‌وێت.
مه‌رجه‌كانی ئامۆژگاری چییه‌؟
یه‌كه‌م/ دڵنیا بیت له‌ راستیی ئه‌و شته‌ی كه‌ ئامۆژگاری ده‌كه‌یت له‌باره‌یه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كه‌سه‌كه‌، وته‌كانت راستگۆیانه‌ و دروست بن  (فاقد الشيء لا يعطيه)  . "كه‌سێ شتێكی نه‌بێ ناتوانێ بیبه‌خشێت ".
دووه‌م/ نیازی ئامۆژگاری له‌ دڵتدا دابنێیت، نه‌ك ته‌نها له‌به‌رده‌م خه‌ڵكیدا به‌ ئامۆژگاریكار خۆت ده‌ربخه‌یت و خۆت به‌ پله‌یه‌كی به‌رزتر سه‌یر بكه‌یت له‌ خه‌ڵكی تر.
سێیه‌م/ له‌ نهێنیدا ئامۆژگاری ئاراسته‌ بكه‌یت و ئامۆژگارییه‌كانت ئاشكرا مه‌كه‌.
ده‌ڵێن ئیماندار ئامۆژگاریكه‌ر و داپۆشه‌ره‌ و، دوورِوو ئه‌تككه‌ر و نهێنی ده‌رخه‌ره‌.
چواره‌م/ پێویسته‌ به‌ هێمنی و دانایانه‌وه‌ ئامۆژگاریكار بیت.
ئه‌ی خوێنه‌ر.. ته‌ماشای دانایه‌تیی ئه‌م به‌سه‌رهاته‌ بكه‌: رۆژێكیان پیاوێك ده‌چێته‌ خزمه‌ت ئه‌میری ئیمانداران (هارونه‌ ره‌شید) تا ئامۆژگاریی بكات، زۆر به‌ توندی قسه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، تۆ وا ده‌كه‌یت و وا ده‌كه‌یت! ئایا وه‌ڵامی دانایانه‌ی هارونه‌ ره‌شید چی بووبێت؟ وتی: براكه‌م، ئایا تۆ باشتریت له‌ (موسا ـ علیه‌ السلام)؟ وتى: نه‌خێر، وتی: ئایا من له‌ فیرعه‌ون خراپترم؟ وتی: نه‌خێر، وتی: كه‌واته‌ مادام تۆ له‌ (موسا ـ علیه‌ السلام) باشتر نیت و منیش له‌ فیرعه‌ون خراپتر نیم، ئایا نازانیت كه‌ په‌روه‌ردگار چى فه‌رموو به‌ موسا  (فَقُولاَ لَهُ قَوْلاً لَيِّنًا لَعَلَّهُ يَتَذَكَّرُ أَوْ يَخْشَى) (44 طه). واته‌: "هه‌ردووكتان (مه‌به‌ستی له‌ موسا و هارونه‌) به‌ نه‌رمی و جوانی گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، به‌ڵكو یاده‌وه‌ری وه‌ربگرێت، یان ترسی سزای ئێمه‌، له‌ ده‌روونیدا جێ بگرێت ".
ئازایزم! ئه‌مه‌یه‌ ئه‌و ئاینه‌مان كه‌ رازی نابێت لێمان ته‌نها به‌ دانایی (الحكمه‌) نه‌بێت له‌ گوفتار و كردارماندا.
رابمێنه‌ له‌م چیرۆكه‌، هارونه‌ ره‌شید ره‌ت بوو به‌لای شوانێكی مه‌رِوماڵاتدا، شوانه‌كه‌ ویستی ئامۆژگاریی هارونه‌ ره‌شید بكات، بۆیه‌ هارونه‌ ره‌شیدی وه‌ستاند و پێى وت: ئه‌ی پێشه‌وا.. ئه‌گه‌ر ئامۆژگاریت بكه‌م لێت ئه‌ترسم و ئه‌گه‌ر ئامۆژگاریت نه‌كه‌م له‌ دوارِۆژت ئه‌ترسم، وه‌ ترسانم له‌ دوارِۆژی تۆ مه‌زنتره‌ له‌ ترسانم له‌ تۆ.. چونكه‌ تۆم خۆش ئه‌وێ.
ئادابه‌كانی ئامۆژگاری:
ئازیزانم ئامۆژگاری بۆ خوا بكه‌ن، له‌یادتان بێ كه‌ له‌ ئادابه‌كانی ئامۆژگاری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ نهێنی ئامۆژگاری بكه‌یت و نه‌چیت بۆ لای خه‌ڵكی و رووشكێنیان بكه‌یت له‌بری ئه‌وه‌ی ئامۆژگارییه‌كه‌ت وه‌ربگرن رابكه‌ن لێت. مرۆڤه‌كان فریشته‌ نین، مرۆڤه‌كان هه‌موویان هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن. سۆزدار و لێبورده‌ و هێمن به‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا.. له‌یادت بێت تۆش هه‌ڵه‌ ده‌كه‌یت.
ئه‌مه‌ پێنج ئادابی ئامۆژگاریكردنه‌:
1ـ نه‌رمی و میهره‌بانی.
2ـ په‌نهانی له‌ كاتی ئامۆژگاریكردندا.
3ـ نیاز و دڵسۆزی پێش ئامۆژگاریكردن.
4ـ بارودۆخی خه‌ڵكی لێك بده‌یته‌وه‌ و حسابی بۆ بكه‌یت.
5ـ دڵنیا بیت كه‌ ئه‌و نه‌نگییه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌مرۆڤدا هه‌یه‌.
ره‌چاوی ئه‌م ئادابانه‌ پێكه‌وه‌ بكه‌ن و فرسه‌تی ئامۆژگاریكردن بۆ خوا له‌ده‌ست نه‌ده‌ن، با جارێكی تر ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌ى پێغه‌مبه‌ر (د.خ) بخوێنینه‌وه‌
(ان اول ثلاثة يدخلون الجنة، شهيد و عفيف متعفن و رجل عبدالله فأحسن العبادة و نصح الناس).
نه‌ته‌وه‌ی ئێمه‌ كاتی خۆی نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئامۆژگاریكار بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌قی خۆیه‌تی ئه‌م به‌دواداچوون و خوێندنه‌وه‌یه‌، ئایا ده‌بینن ده‌گه‌رِێته‌وه‌ بۆ ئامۆژگاری به‌ نه‌رمی و میهره‌بانی.
هه‌ندێكیان رێنمایی هه‌ندێكیان ده‌كه‌ن بۆ سه‌ر خێر، تا خوای گه‌وره‌ ده‌مانگێرِێت به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ له‌ ئاستی خۆشه‌ویستی و ره‌زامه‌ندیی ئه‌ودا بین.

سه‌رچاوه‌:
(حتى یغیروا ما بأنفسهم، عمرو خالد، ص 250-257
یه‌كگرتوو . ژ .634
 

گه ڕانه وه بۆ لاپه ڕه ی سه ره تای ڕێگای ڕاستی

 هه موو موسڵمانێک مافی له به ر گرتنه وه و بڵاوکردنه وه ی بابه ته کانی ڕێگای ڕاستی هه یه  له ڕێگای خوادا